ژمارەی كوژراوانی پەلامارەكەی لەندەن زیادیان كرد

- 3/24/2017 9:17:00 AM 13448 جار خوێندراوەتەوە
كچێكی بەریتانی لەدوای پەلامارەكەی لەندەن لەسەر دەستی نوسیووە " ئێمە ناترسین" / فۆتۆ- رۆیتەرز

خەندان- ئاسۆ شەیدا

پۆلیسی بەریتانیا مردنی یەكێك لەبریندارانی پەلامارەكەی پردی وێستمینستێر-ی لەندەنی راگەیاند. بەوەش ژمارەی كوژراوانی ئەو پەلامارە بۆ پێنج كەس زیادیان كرد بەو كەسەشەوە كە پەلامارەكەی ئەنجامدا و بریندارانیش 39 كەسن.

 


یەكێك لەبریندارانی پەلامارەكەی لەندەن

 
ئێوارەی 22ی ئەم مانگە هاوڵاتییەكی بەریتانی بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆندا خۆی كرد بەناو ئەو كەسانەی بەپیادە بەسەر پردی وێستمینستێری نزیك باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا دەڕۆیشتن و دواتریش خۆی كێشا بەدیواری دەوری بینای پەرلەمان دا، دوای ئەوەی بەچەقۆ لەپۆلیسێكی دا، لەلایەن پۆلیسێكی دیكەوە تەقەی لێ كراو كوژرا.

هاوكات سكۆتلاندیارد دەستگیركردنی 3 ژن و 5 پیاوی لە لەندەن- برایتۆن و شاری پێرمینگهام راگەیاند بەگومانی هەبوونی پەیوەندیان بە تیرۆرەوە.

پۆلیس ئەوەشی روونكردۆتەوە، ئەو كەسانەی دەستگیركراون، گومانی ئەوەیان لێدەكرێت ئامادەكاریان كردبێت بۆ ئەنجامدانی پەلاماری تیرۆرستی.

لەلایەكی ترەوە، پۆلیسی بەریتانیا پشكنینی بۆ " پۆستێكی گومانلێكراو" دەستپێكرد كەلەنزیك وێستمینستێر و لەسەر ئەو رێگەیە دۆزراوەتەوە كە پەلامارەكەی تێدا ئەنجامدرا. وتەبێژی پۆلیسیش رەتیكردەوە لێدوان بدات لەسەر ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانیانەی باسیان لەتەقاندنەوەی ئەو پۆستە كردوە لەلایەن پۆلیسەوە.

پێشتر پۆلیسی بەریتانیا بڵاویكردبۆوە، پەلاماردەرەكە پیاوێكی تەمەن 52 ساڵ بووە بەناوی خالید مەسعود كە لە باشوری رۆژهەڵاتی بەریتانیا لەدایك بووەو بەم دواییەش لە میدلاندی رۆژئاوا لەناوەندی بەریتانیا ژیاوە.

 


ئەنجامدەری پەلامارەكەی لەندەن

 
دوێنێش رێكخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" لەڕێی كەناڵی ئەعماقەوە بەرپرسیارێتی خۆیان لەهێرشەكە راگەیاند.

ئەو هێرشە خوێناویترین هێرشی لەندەنە لە ساڵی 2005 ەوە كاتێ چوار ئیسلامی بەریتانی  لە چەند تەقینەوەیەكی خۆكوژیدا خۆیان و 52 گەشتیاریان لە سیستمی گواستنەوەی شارەكەدا كوشت.  

 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP