پۆلیسی‌ هه‌ولێر: كه‌سێك به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ گاڵته‌یان له‌گه‌ڵ كردووه‌ براكه‌ی و هاوڕێیه‌كی‌ كوشتووه‌

- 3/23/2017 8:45:00 AM 32353 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-

له‌سه‌ر ڕێگای‌ هه‌ولێر- شاوێش كه‌سێك برایه‌ك و هاوڕێیه‌كی‌ خۆی‌ كوشت و به‌وته‌ی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر ڕووداوه‌كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ كوژراوه‌كان "گاڵته‌ی‌" به‌ بكوژه‌كه‌ كردووه‌.

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر  شه‌وی‌ 21ی‌ ئه‌م مانگه‌ كاتژمێر 11:30 خوله‌ك كه‌سێك براكه‌ی و هاوڕێیه‌كی‌ به‌ چه‌كی‌ كڵاشینكۆف كوشتووه‌.

نەقیب هێمن رەشید، ئەفسەری بنکەی پۆلیسی شاوێس ڕایگەیاندووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ گەیشتوونه‌ته‌ شوێنی مەبەست دەرکەوتووه‌ کەوا دوو برا بەناوەکانی (ب ن) و (ڕ ن) چەند هاورێیەکیان چوونەتە گەشت و دواتر مادەی بێهۆشەکەر مەی--یان خواردووه‌تەوە دواتر بووه‌تە کێشەیان.

ڕونیكردووه‌ته‌وه‌، (ڕ)  تێل بۆ (ب) ی‌ برای‌ دەکات و پێ دەڵێت، گوایە بێت به‌هانایه‌وه‌ تووشی کێشە بووە، بۆیە براکەی دەچێتە لای و بەکڵاشینکۆف دەڵێت کێ کێشەی لەگەڵ براکەم هەیە و کڵاشنکۆفەکە ڕادەکێشێت، براکەی دەڵێت بە گاڵتە وام پێ گووتی، براکەشی ڕوو لە براکەی خۆی دەکات و چەند فیشەکێکی لێ دەدات و دواتر لولەی کڵاشنکۆفی ڕوو لە هاورێکانی دەکات و دەستڕێژی دەکات.

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ پۆلیس، له‌ئه‌نجامی‌ ته‌قه‌كردنه‌كه‌ براکەی خۆی (ڕ ن) و هاوڕێەکەی (و ئ)، دەکوژێت و لە شوێنی ڕووداو ڕادەکات.

پۆلیس ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئه‌و تۆمه‌تباره‌ كراوه‌ته‌وه‌و سێ لەهاورێیانی کوژراوه‌كان دەستگیرکراون لەسەر بڕیاری دادوەر بە پێی مادە (٤۰٦)، لە یاسای سزادان.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP