ئەردۆغان بەزمانی كوردی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەكات

- 3/21/2017 9:55:00 PM 33947 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی توركیا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەكات و هیواخوازە نەورۆز ببێتە موژدەی هاتنی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی.

رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆكی توركیا لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز بەزمانی كوردی و بەشێوە زارەكانی سۆرانی و كرمانجی نوسیوویەتی: بەم بۆنەیەوە رۆژی نەورۆز لەتەواوی خوشك و براكانم پیرۆز دەكەم، هیوادارم نەورۆز بۆ هەموو دونیا موژدەی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بێت.

 



ئەردۆغان لەبەشێكی تری تویتەكەیدا دەڵێت: نەورۆز رۆژێكە لەناوچەیەكی جوگرافی فراواندا، سیمبولی بوژاندنەوەی خاك، هاتنی بەهار، برایەتی نێوان گەڵان، دۆستایەتی و پێكەوە ژیانە.

 



ئەوە یەكەمجارە سەرۆكی توركیا بەزمانی كوردی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەكات، ئەو هەڵوێستەش لەكاتێكدا دێت كە لەئێستادا ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە زۆربەی دۆسێ هەستیارەكاندا یاریزانێكی كاریگەرە، جگە لەوەش لەئێستادا توركیا خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر هەمواری دەستووری ئەو وڵاتە كە وابڕیارە مانگی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت. سەركەوتنی ئەو ریفراندۆمەش بەواتای زیادبوونی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردنی سەرۆكی ئەو وڵاتە دێت.

شارەزایەكیش لەكاروباری كورد و توركیا لەلێدوانێكدا بۆ خەندان ئاماژەی بەوەكرد: دەكرێت كوردانی باكور وەك دەستپێشخەرییەكی سیاسی لەپەیامەكەی ئەردۆغان بڕوانن و دەتوانرێت بكرێتە دەرفەتێك بۆ دووبارە بوژاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی كەماوەی دووساڵە بەچەقبەستوویی ماوەتەوە.

 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP