xendan ads

عه‌بادی‌: شه‌ڕی‌ موسڵ له‌ كۆتاییدایه‌

- 3/21/2017 12:11:00 AM 4543 جار خوێندراوەتەوە
حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق

خه‌ندان-

حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق رایگه‌یاند، شه‌ڕی‌ موسڵ له‌ كۆتاییدایه‌و هێزه‌ عیراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ باشیان هه‌یه‌ له‌شه‌ڕی‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ رێكخراوی‌  داعش.

عه‌بادی‌ له‌ وته‌یه‌كدا له‌ واشنتن له‌دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان له‌ پێشڕه‌وی‌ له‌شه‌ڕی‌ موسڵ به‌رده‌وامن و شه‌ڕی‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و شاره‌ له‌كۆتاییدایه‌و یه‌كه‌م كاری‌ دوای‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و شاره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاشتی‌ و ئارامی‌ یه‌.

وتیشی‌ "ده‌بێت داعش كۆتایی پێبینین نه‌ك ته‌نها له‌عیراق به‌ڵكو له‌ ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێت رێگری‌ له‌ دروستبونی‌ گروپی‌ هاوشێوه‌ی‌ داعش بگرین".

عه‌بادی‌ له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ وته‌كه‌یدا باسی‌ له‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان كرد له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌ داعش به‌تایبه‌تی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌و به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ "مێژویی" ناویبرد.

له‌باره‌ی‌ چاكسازیه‌وه‌ عه‌بادی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، كه‌ به‌پێی ئه‌زمونی‌ خۆی‌ له‌و بواره‌دا ره‌نگه‌ چاكسازی‌ كارێكی‌ ئاسان نه‌بێت به‌تایبه‌تی‌ خه‌ڵكانێك له‌گه‌ڵت هاوڕانین و دژت ده‌وه‌ستنه‌وه‌.

باسی‌ له‌وه‌شكرد، تائێستا گه‌نجان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنرێن له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌و ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌یه‌وێت چه‌كداری‌ نوێ دروستبكات.

له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ و باسكردنی‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌ داعش، عه‌بادی‌ رایگه‌یاند، ئیداره‌ی تره‌مپ زۆر به‌په‌رۆشه‌ بۆ تێكشكاندنی‌ داعش، ئه‌مان زیاتر ده‌یانه‌وێت روبه‌ڕووی‌ تیرۆر بنه‌وه‌.

حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ و دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ له‌ واشنتۆن كۆبونه‌وه‌.

به‌پێی نوسینگه‌ی‌ عه‌بادی‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا عه‌بادی‌ و تره‌مپ جه‌ختیان له‌ هاریكاری‌ سه‌ربازی‌ نێوان عیراق و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ له‌شه‌ڕی‌ دژی‌ به‌داعش و هه‌ڵمه‌تی‌ سه‌ربازی‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی‌ موسڵ.

حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ ئێواره‌ی‌ یه‌كشه‌ممه‌ به‌سه‌ردانێكی‌ فه‌رمی‌ و له‌سه‌ر داوای دۆناڵد تره‌مپ به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌ڕێكه‌وت.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی‌ نوسینگه‌كه‌ی‌، عه‌بادی‌ له‌و سه‌ردانه‌دا جگه‌ له‌ تره‌مپ، چاوی‌ به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی‌ ئیداره‌ی‌ نوێی ئه‌مریكا ده‌كه‌وێت له‌ناویاندا جێگری‌ سه‌رۆك و وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌.

هه‌روه‌ها عه‌بادی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ كۆنگرێس و ئه‌نجومه‌نی‌ پیران تاوتوێی هاریكاری‌ نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كات له‌بواره‌كانی‌ ئه‌منی‌ و سه‌ربازی‌ و ئابوری‌ و بواره‌كانی‌ دیكه‌، سه‌رباری‌ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ دامه‌زراوه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئاماده‌بوون له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانی‌ نێودوه‌وڵه‌تی‌ دژی‌ داعش.

هه‌فته‌ی‌ رابردوو كۆشكی‌ سپی‌ رایگه‌یاند، تره‌مپ ئاماده‌یه‌ له‌مانگی‌ ئازاردا له‌گه‌ڵ عه‌بادی‌ كۆبێته‌وه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP