xendan ads

پارتی‌: جگە لە سەربەخۆیی بژاردەیەکی ترمان بۆ مانەوە لەناو دەوڵەتی عیراقدا نەماوە

- 3/20/2017 8:40:00 PM 9899 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی‌ پارتی دیموکراتی کوردستان

خه‌ندان-

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای‌ گوتارو ئامانجی هاوبەش و هەنگاوی کردەیی ده‌كات بۆ چه‌سپاندنی‌ دەرفەتەکان و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، جگە لە سەربەخۆیی بژاردەیەکی تر بۆ مانەوە لەناو دەوڵەتی عیراقدا نەماوە.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی‌ له‌ په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی‌ ساڵی نوێی کوردی و هاتنەوەی نەورۆز رایگه‌یاند "ئێستا پێویست بەوەیە حزبە سیاسییەکان و سەرجەم ناوەندەکانی چالاکی سیاسی و مەدەنی و مێدیایی لە دەوری ئیرادەی سەربەخۆییخوازی کۆ ببنەوە و، لەو پێناوەدا خۆ ساز دەن و ریزەکانیان لە سەنگەری سەربەخۆییدا رێک بخەنەوە.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌، پەیامی بارزانی و نەخشەڕێیە پێشنیارکراوەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان بۆ ئەم مەبەستە بوون، تا ببێتە سەرەتا بۆ دەستپێکی قۆناغی راگەیاندنی سەربەخۆیی.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ هه‌نگاوه‌ ئه‌رێنییه‌كانی‌ هه‌رێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا "بەڵام تا ئێستا هیچی ئەوتۆمان لە بەغداوە نەبینیوە کە کەمترین تروسکاییان تێدا بێ . بۆیە جگە لە سەربەخۆیی بژاردەیەکی ترمان بۆ مانەوە لەناو دەوڵەتی عێراقدا نەماوە".

باسی له‌وه‌شكردووه‌، هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە کە بە دیالۆگ و وتووێژی دۆستانە بنەماکانی دوو دراوسێی باش دابڕێژن. "دۆخی بەردەوام گۆڕاوی ناوچەکە لێمان دەخوازێ، گوتاری هاوبەش و ئامانجی هاوبەش و هەنگاوی کردەنی هاوبەشمان هەبێ بۆ ئەوەی دەرفەتەکان بچەسپێنین و بەهێزیان بکەین، مەترسی و تەحەدییەکانیش دوور بخەینەوە".
مەكتەبی سیاسیی


نیشانەکردن :

#پارتی #نه‌ورۆز

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP