xendan ads

پاش نه‌ورۆز یه‌كێتی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

- 3/20/2017 7:36:00 PM 5450 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی‌ یه‌كێتیی نیشتمایی كوردستان

خه‌ندان-

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمایی كوردستان رایگه‌یاند، پاش پشووه‌كانی نه‌ورۆز، یه‌كێتیی به‌نه‌خشه‌رێگای په‌سه‌ندكراوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌وه‌، هه‌وڵه‌كانی ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی ئه‌مڕۆ له‌ په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی‌ جه‌ژنی‌ نه‌ورۆزه‌وه‌ رایگه‌یاند " جه‌ژن و یاده‌كانی نه‌ورۆزو به‌هاری ئه‌مساڵ له‌كاتێكدایه‌، به‌خوێنی شه‌هیدان و قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌و خۆراگری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، كوردستان پارێزراوه‌و تیرۆرستانی داعش-یش له‌تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی نزیك بوونه‌ته‌وه‌".

"به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامه‌و قه‌یرانی دارایی گوزه‌رانی هاووڵاتیانی سه‌خت كردووه‌، ئومێده‌وارین نه‌ورۆزو به‌هار ببێته‌ هه‌وێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسیه‌كان و به‌گه‌رخستنه‌وه‌ی ده‌زگا شه‌رعیه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستانو ته‌بایی زیاتر بچه‌سپێی"، به‌پێی په‌یامه‌كه‌.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی ئاشكرایكردووه‌، پاش پشووه‌كانی نه‌ورۆز، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌نه‌خشه‌رێگای په‌سه‌ندكراوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌وه‌، هه‌وڵه‌كانی ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌:

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزو ساڵی نوێ كوردی (2717)، پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین، له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان و سه‌رانسه‌ری جیهان ده‌كه‌ین.

پیرۆزبایی گه‌رم له‌كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانو ئه‌نفالكراوان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستانو هه‌موو تێكۆشه‌رانی ناو سه‌نگه‌ری تێكشكاندنی تیرۆریستان و به‌رگری له‌ خاك و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین.

 به‌هارو نه‌ورۆز، هاوكاتی یادی (26) ساڵه‌ی راپه‌رینی به‌هاری 1991 شاری كه‌ركوكی كوردستانیشه‌، كه‌ تاجی سه‌ركه‌وتنی راپه‌رینی نایه‌سه‌ر حه‌مرینی سنوری نیشتمان. پیرۆزبایی له‌خه‌ڵكی خۆراگری كه‌ركوك ده‌كه‌ین و سڵاوی وه‌فاداریش بۆ شه‌هیدانی راپه‌رینی شاره‌كه‌ ده‌نێرین.

جه‌ژن و یاده‌كانی نه‌ورۆزو به‌هاری ئه‌مساڵ له‌كاتێكدایه‌، به‌خوێنی شه‌هیدان و قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌و خۆراگری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، كوردستان پارێزراوه‌و تیرۆرستانی داعش-یش له‌تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی نزیك بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامه‌و قه‌یرانی دارایی گوزه‌رانی هاووڵاتیانی سه‌خت كردووه‌، ئومێده‌وارین نه‌ورۆزو به‌هار ببێته‌ هه‌وێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسیه‌كان و به‌گه‌رخستنه‌وه‌ی ده‌زگا شه‌رعیه‌كانو كاراكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستانو ته‌بایی زیاتر بچه‌سپێی.

پاش پشووه‌كانی نه‌ورۆز، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌نه‌خشه‌رێگای په‌سه‌ندكراوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌وه‌، هه‌وڵه‌كانی ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م دۆخه‌ی كوردستانو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

جارێكی تر نه‌ورۆزتان پیرۆزبێتو به‌هارتان پڕ له‌شادی و ئاشتی بێت.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی 
یه‌كێتیی نیشتمایی كوردستان
20/3/2017


نیشانەکردن :

#یەکێتی #نه‌ورۆز

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP