xendan ads

ڕوسیا بنکەی سەربازی لەرۆژئاوای کوردستان دادەمەزرێنێت

- 3/20/2017 6:24:00 PM 7701 جار خوێندراوەتەوە
چه‌ند شه‌ڕڤانێكی‌ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) فۆتۆ؛ رۆیته‌رز


خه‌ندان-

هێزەڕوسییەکان بنکەیەکی سەربازیی بەرێکەوتن لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل لەرۆژئاوای کوردستان دادەمەزرێنن و مەشق و راهێنان بەشەڕڤانانی یەپەگە دەکەن.

رێدور خەلیل وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، دوێنی یەکشەممە لەگەڵ روسیادا گەیشتوونەتە رێکەوتن و لەئێستاشدا هێزەڕوسییەکان بەئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیانەوە گەیشتوونەتە ئەو پێگانەی بۆیان دیارییکراوە لەشاری عەفرین.

"هاتنی هێزەکانی ڕوسیا دوای رێکەوتنێک دێت لەنێوان یەپەگە و هێزەڕوسییەکان لەسوریا ئەویش لەچوارچێوەی هاریکارییەکان دژی تیرۆر و یارمەتیدانی هێزەکانی ئێمە بۆ ڕاهێنان لەسەر شێوازی مۆدێرنی جەنگ، هەروەها بۆ بونیادنانی خاڵێکی ڕاستەوخۆی پەیوەندی لەگەڵ هێزە ڕوسییەکاندا." رێدور خەلیل وادەڵێت.

كردنه‌وه‌ی‌ باره‌گای‌ هێزه‌ڕوسییه‌كان بۆ مه‌شقی‌ شه‌ڕڤانان له‌كاتێكدایه‌، ئێستا هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات كه‌ یه‌په‌گه‌ هێزی‌ سه‌ره‌كییه‌تی‌ له‌گه‌ڵ داعش له‌ شه‌ڕی‌ سه‌ختدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ره‌قه‌و رزگاركردنی‌ له‌ده‌ستی‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌.

شه‌ڕڤانان تائێستا به‌ سێ قۆناغ، له‌ شه‌ش-ی‌ تشریی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ ڕابردووه‌وه‌ رووبه‌رێكی‌ فراوانیان له‌ ده‌ورووبه‌ری‌ ره‌قه‌ كۆنتڕۆڵكردووه‌ته‌وه‌، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ داهاتوو هێرش بۆ ناو شاری‌ ره‌قه‌ ده‌ستپێبكه‌ن.

بۆ شه‌ڕی‌ ره‌قه‌، ئه‌مریكا راسته‌وخۆ هاوكاری‌ شه‌ڕڤانان ده‌كات و تائێستا چه‌ند كاروانێك چه‌ك و ته‌مه‌نی‌ و ئۆتۆمبێلی‌ سه‌ربازی‌ بۆ ڕه‌وانه‌كردوون و ڕاوێژكاری‌ سه‌ربازیشی‌ بۆ هاوكاری‌ شه‌ڕڤانان ناردووه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP