xendan ads

پێدەچێت ئەمریكا "رێكەوتنە خراپەكە" لەگەڵ ئوستورالیا كارابكاتەوە

- 3/20/2017 12:14:00 PM 6849 جار خوێندراوەتەوە
یەكێك لە كەمپەكانی تایبەتی بەكۆچبەران لە ئەمریكا- رۆیتەرز

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

هەرچەندە پێشتر  دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا رێكەوتنێكی نێوان ئەو وڵاتەو و ئوستورالیای بۆ دووبارە نیشتەجێكردنەوەی پەنابەرانی كامپی ناورۆی لە ئەمریكا بە "خراپ" وەسفكردبوو، ئەمرۆ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستیان كرد بە وەرگرتنی پەنجەمۆر لەپەنابەرەكان ئەوەش لەئاماژەیەكدا بۆ دووبارە نیشتەجێكردنەوەیان. 

رۆژی 13ی  تشرینی دووەمی ساڵی  2016 لەسەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمریكادا،  ئوسترالیا و ئەمریكا گەیشتنە ڕێككەوتن سەبارەت بە چارەنووسی ئەو كۆچبەرانەی لە كامپی سەر دوورگەكانی باشوروی زەریای هێمن لەوانەش دوورگەی ناورۆ دەستبەسەر كراون بەوەی ئەوانەی بیانەوێت لە ئەمریكا نیشتەجێ بكرێنەوە.

بەڵام دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رێكەوتنەكەی بە "خراپ و گەوجانە" وەسفكرد و لە تویتێكدا رایگەیاند "ئیدارەی ئۆباما رازی بووە بە هەزاران كۆچبەری نایاسایی لە ئوستورالیاوە وەربگرێت، بۆچی؟ من لێكۆلێنەوە لەم رێككەوتنە گەمژانەیە دەكەم." 

رۆیتەرز، ئەمرۆ لەزاری دوو پەنابەرەوە كە نەیانویستووە ناویان ئاشكرابكرێت، بڵاویكردۆتەوە بەرپرسانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا چاوپێكەوتنێكی ئاساییان لەگەڵدا ئەنجامداون و هیچ پرسیارێكی دیاریكراویان لێنەكردوون و تەنها پەنجەمۆریان و پێوانەی باڵاو كێشیان لێ وەرگرتوون. 

هەروەها چەند پەنابەرێكی دیكە وادەی چاوپێكەوتنی خۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی بۆ رۆیتەرز ئاشكراكردووە.
هەفتەی ڕابردوو پەنابەرانی كامپەكانی دیكەی ژێر كۆنترۆڵی ئوستورالیا لە پاپوا نیو گینیا پێیان راگەیەندرابوو لە سەرەتای مانگی نیساندا كۆكردنەوەی زانیاری بایۆمەتری هاوشێوە دەست پێدەكات.

بەپێی یاسا توندەكانی ئاسایشی سنوری ئوستورالیا،  ئەو پەنابەرانەی بە بەلەم دەچنە ئەو وڵاتەوە دەنێردرێن بۆ كامپەكانی دەستبەسەركردن لە دورگەی مانۆسی پاپواگینیا و دورگەی بچووكی ناورۆی ئوستورالیا لە باشوروی زەریای هێمن. ئەو پەنابەرانەش لە ڕەوشێكی خراپدا دەژین و رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ بە توندی هێرش دەكەنە سەر حكومەتی ئوستورالیا بەوەی مافەكانی ئەو پەنابەرانەی پێشێل كردووە. 

هەندێك لەپەنابەرەكان چەندین ساڵە لەو كامپانە دەژین و چەندین ڕاپۆرت باس لەوە دەكەن كە دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر پەنابەرەكان كەلەنێوانیشیاندا چەندین منداڵ هەن.
 
پەنابەرێكی  تەمەن 36 ساڵ ڕایگەیاندووە ئەو زۆر  هیوا و بروای نییە بەوەی لە ئەمریكا نیشتەجێ بكرێتەوە.

بەرپرسانی وەزارتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا و وەزارەتی كۆچی ئوستورالیا ئامادەنەبوون لەوبارەوە لێدوان بدەن. 

ترەمپ لەبارەی رێككەوتنەكەوە دواتر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مالكۆڵم تێرنبوڵ، سەرۆك وەزیرانی ئوستورالیا ئەنجامدا.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە ترەمپ رێككەوتنەكەی بە "خراپترین رێكەوتن هەتا ئێستا" وەسفكردووە و ئوستورالیای تۆمەتبار كردووە بەوەی  دەیەوێت كەسانی تیرۆریست بۆ  ئەمریكا دیپۆرت بكات. هەرچەندە وابڕیاربووە پەیوەندییەكە كاتژمێرێك بخایەنێت بەڵام ترەمپ دوای 25 خولەك كۆتایی بە پەیوەندییەكە هێناوەو كاتێك سەرۆك وەزیرانی ئوستورالیا هەوڵیداوە تەوەری گفتوگۆكان بۆ بابەتی وەكو سوریا بگۆڕێت.  

نزیكەی 1200 كەس ئێستا دەستبەسەركراون و هەندێكیان بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە دەستبەسەرن. نەتەوە یەكگرتووەكان و گروپەكانی مافەكانی مرۆڤ ڕەخنەیان گرتووە لەدەستبەسەركردنی كۆچبەران.

 ئەو رێككەوتنە لەگەڵ ئەمریكا تەنها بۆ یەك جارە و شیاوی درێژكردنەوە نییە و تەنها بۆ 1800 كۆچبەری دەستگیركراوی دوورگەكانی  مانۆس و ناورۆیە و كۆچبەری نوێ ناگرێتەوە كە دوای واژۆكرددنی ئەم رێكەوتنامەیە بەرەو ئوستورالیا بەڕێبكەون.

ئەو كۆچبەرانە سێ بژاردەیان بۆ هەیە: یەكەم هاندەدرێن بگەڕێنەوە  بۆ وڵاتی خۆیان یان دوبارە نیشتەجێ دەكرێنەوە لە ئەمریكا یان بەشێوەیەكی دیارینەكراو لە ناو كۆمەڵگای دورگەی‌ ناورۆدا دەمێننەوە. 

دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، تێرنبوڵ لەچەند لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕایگەیاندووە " ئێمە بەڵێنی ڕوونمان وەرگرتووە لە سەرۆك  و پێشبینی دەكەین بەڵێنەكان بەردەوام بن".

دۆناڵد ترەمپ كە لە 20ی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا وەكو سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەستبەكاربوو، بە سیاسەتەكانی دژی كۆچبەران، ناسراوە و لەمیانی هەڵمەتەكانی بانگەشەی سەرۆكایەتی ئەمریكادا بەڵێنیدا، ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەرانی نایاسایی لە ئەمریكاوە دەربكات و ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان بكاتەوە. 

ڕێكەوتنەكەی نێوان ئەمریكا و ئوستورالیا پێچەوانەی بەڵێنەكانی دۆناڵد ترەمپە كە هەڕەشەی كردبوو نەهێڵێت موسوڵمانان بچنە ناو ئەمریكاوە و بەڵێنی دابوو هەموو كۆچبەرە نایاساییەكانی ناو وڵاتەكەی بۆ وڵاتانی خۆیان دیپۆرت بكاتەوە، ئەوەش نیگەرانی دروستكردووە سەبارەت بە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە چونكە ژمارەیەكی‌ زۆر لەو  1200 كۆچبەرە هاوڵاتی‌  وڵاتانی ئەفغانستان و عیراقن.  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP