xendan ads

نرخی نەوتی خاو دابەزی

- 3/20/2017 11:11:00 AM 2056 جار خوێندراوەتەوە
سەكۆیەكی نەوتی لە ویلایەتی ئۆكلاهۆمای ئەمریكا/ فۆتۆ- رۆیتەرز

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

سەرەرای  هەوڵەكانی ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، بەهۆی زیادبوونی چالاكی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكاوە، ئەمڕۆ نرخەكانی نەوتی خاو دابەزی.

بەپێی رۆیتەرز،  (هەتا كاتژمێر 8:53 خولەكی بەیانی ئەمرۆ بەكاتی‌ هەرێمی‌ كوردستان) نرخی گرێبەستە ئایندەییەكانی نەوتی خاوی برنت 35 سەنت دابەزی و بەرمیلێكی بە 51 دۆلار و 41 سەنت فرۆشرا.

هەروەها نەوتی خاوی گرێبەستە ئایندەییەكانی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەكساس 46 سەنت دابەزی و بەرمیلێكی بە 48 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەكرا. 

هۆكاری نزمبوونەوەی نرخەكانی نەوت بریتیە لە بەرزبوونەوەی ئاستی لێدانی بیری نەوتی و سەكۆی نەوتی نوێ لە ئەمریكا، كە گەورەترین بەكارهێنەری نەوتی خاوە، و لە هەفتەی رابردوودا 14 سەكۆی نەوتی دیكە زیادكراوە . 

بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكی بۆ 9.1 ملیۆن بەرمیل لەرۆژێكدا زیادی كردووە لەكاتێكدا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بریتی بووە لە 8.5 ملیۆن بەرمیل لەرۆژێكدا. 

هەروەها هۆكارێكی دیكەی دابەزینی نرخەكانی نەوتی خاو بریتیە لە خستنەرووی بەرزی وڵاتانی ئۆپیك. 

وڵاتانی‌ ئەندامی‌ ڕێكخراوی‌ ئۆپیك لە 30 تشرینی‌ دووەمی‌ ڕابردوو ڕێكەوتن. بەپێی رێكەوتنەكە 14 وڵاتەكەی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە كەم دەكەنەوەو بەوەش كۆی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتانە كەمدەبێتەوە بۆ 32.5 ملیۆن بەرمیل.

لە دوو مانگی سەرەتای رێكەوتنەكەدا، زۆرینەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی ناو رێكخراوەكە پابەندی رێكەوتنەكە بوون بەشێوەیەك ئاستی پابەندبوون لەسەدا 90ی تێپەڕاند.

 

 


نیشانەکردن :

# نەوت #ئه‌مریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP