xendan ads

دوای‌ 10كاتژمێر شه‌ڕ بۆمبێك له‌خه‌ونه‌كانی‌ كرد
مه‌رگ نه‌یهێشت شه‌ماڵ قسه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی‌ بكات

- 3/19/2017 7:20:00 PM 43473 جار خوێندراوەتەوە
شه‌هید شه‌ماڵ له‌گه‌ڵ شاڵاو و ﻻفاو-ی كوڕی

خه‌ندان-

دوانیوه‌ڕۆیه‌كی‌ پایزی‌2016 شه‌ماڵ، له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ هه‌ر سێ منداڵه‌كه‌ی‌ ماچ كردوو ماڵئاوایی‌ له‌هاوسه‌رو منداڵه‌كانی‌ كرد، له‌گوندی‌ سرێشمه‌وه‌ به‌ره‌و سه‌نگه‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ له‌ناوه‌ران گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌وه‌ دوایین دیداری‌ شه‌ماڵ بوو له‌گه‌ڵ هاوسه‌رو جگه‌رگۆشه‌كانی‌ بۆ ڕۆژی‌ دواتر بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایی‌ لێكردن.

له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆپاككردنه‌وه‌ی‌ داعش له‌ ناوچه‌كه‌ له‌چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ كه‌وتنه‌ شه‌ڕی‌ سه‌خت، ئێواره‌ی‌ ڕۆژی‌20-10-2016 شه‌ماڵ دوای‌ شه‌ڕێكی‌ قورس كه‌ له‌به‌یانیه‌وه‌ ده‌ستیپێكردبوو به‌ره‌و شوێنی‌ حه‌وانه‌ی‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ به‌په‌له‌بوو بگاته‌ باره‌گاكه‌ی بۆئه‌وه‌ی‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی‌ بكات به‌ڵام بۆمبێك له‌خه‌ونه‌كانی‌ كرد.

شه‌ماڵ ته‌لعه‌ت شاباز، له‌33یه‌م پایزی‌ ته‌مه‌نیدا شه‌هیدبوو، له‌ناوخزمه‌كانیدا ناسراوه‌ به‌ شیمال، دانیشتووی‌ گوندی‌ سرێشمه‌ی‌ سه‌ر به‌ناحیه‌ی‌ خه‌لیفان بوو له‌قه‌زای‌ سۆران، له‌قۆناغی‌ پێنج-ی‌ سه‌ره‌تایی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ خوێندن ده‌بێت و چه‌ند ساڵێك دواترو له‌ساڵی‌1997 ده‌بێته‌پێشمه‌رگه‌ دواشوێنی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ لیوای‌ 7ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌بوو، ڕۆژی‌20-10-2016 له‌میحوه‌ری‌ ناوه‌ران له‌گه‌ڵ چوار ئامۆزای‌ تری‌ شه‌هیدبوون.

شه‌هید شه‌ماڵ

 

شه‌ماڵ ساڵی2005 له‌گه‌ڵ ئه‌ندێره‌ شێخ حه‌مه‌د ته‌مه‌ن 30ساڵ ژیانی‌ هاوسه‌ریی‌ پێكهێناوه‌ ئه‌وان دایك و  باوكی‌ سێ كوڕن شاڵاو 11ساڵ، لافاو 6ساڵ، شیام2 ساڵ.

ئه‌ندێره‌ به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ بۆخه‌ندان باسیله‌وه‌كرد، چه‌ندخوله‌كێك پێش شه‌هیدبوونی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵكردووه‌"پێش سه‌عات 06:00ی‌ ئێواره‌ به‌مۆبایل قسه‌مان كرد هه‌واڵیم پرسی‌ وتی‌ باشین له‌شه‌ڕ گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌‌و ده‌چین بۆئیسراحه‌ت، هه‌واڵی‌ مناڵه‌كانی‌ پرسی‌‌و وتی‌ ئێستا به‌ڕێده‌كه‌وین كه‌ گه‌یشتینه‌ شوێنی‌ حه‌وانه‌وه‌ ته‌له‌فۆنیان بۆ ده‌كه‌م‌و قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، به‌داخه‌وه‌ ئیترهه‌رگیز قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ نه‌كردن".

ئه‌ندێرە دوای‌ ئه‌وپه‌یوه‌ندییه‌ كه‌ده‌زانێت شه‌ماڵ به‌سه‌لامه‌تی‌ له‌شه‌ڕ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ دڵی‌ ئارام ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام دوو كاتژمێر دواتر په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی‌ كۆتایی‌ به‌هیواكانی‌ دێنێت هه‌واڵی‌ دیارنه‌مانی‌ شه‌ماڵی‌ پێده‌ده‌ن. 

كاتژمێر08:00ی‌ شه‌و هه‌واڵ به‌ئه‌ندێره‌ ده‌درێت كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ‌و چوار ئامۆزای‌ دیار نه‌ماون ‌و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ شه‌هیدبووبێتن"به‌وشه‌وه‌ ڕۆیشتین بۆمیحوه‌ری‌ ناوه‌ران به‌ڵام تا به‌ره‌به‌یان چاوه‌ڕوانی‌ هێنانه‌وه‌ی‌ ته‌رمی‌ شه‌هیده‌كانمان كرد".

"ڕۆژی‌ پێش شه‌هیدبوونی‌ كاتژمێر ده‌ورووبه‌ری‌ 01:00ی‌ پاشنیوه‌ڕۆبوو، ڕۆیشته‌وه‌ بۆبه‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ ماچی‌ هه‌رسێ‌ منداڵه‌كه‌ی‌ كرد‌و ئینجا به‌ڕێكه‌وت، منداڵه‌كانی‌ زۆر خۆشده‌ویست، له‌دوای‌ شه‌هیدبوونییه‌وه‌ شاڵاوی‌ كوڕم زۆر باسی‌ باوكی‌ ده‌كات‌و هه‌میشه‌ یادی‌ ده‌كاته‌وه‌"، ئه‌ندێره‌ وایوت.

ئه‌ندێره‌ دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ئیتر نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌ ئه‌وخانووه‌ی‌ كه‌ پڕیه‌تی‌ له‌یادگارییه‌كانی‌ شه‌ماڵ "ژیانێكی‌ زۆر خۆشمان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا پاش شه‌هیدبوونی‌ تائێستا نه‌چووینه‌ته‌وه‌ خانوه‌كه‌ی‌ خۆمان، منداڵه‌كانم بچوكن ماڵی‌ باوكی‌ شه‌هیدیش حه‌زده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وان بین، بۆخۆشمان ناخۆشه‌ بچینه‌وه‌ خانووه‌كه‌مان كه‌ پڕه‌ له‌یادگاریی‌ شه‌هید".

شیام كوڕه‌ بچوكی‌ شه‌هید شه‌ماڵ

 

زیاد ته‌لعه‌ت 33ساڵ، دوایین كه‌س بووه‌ كه‌ به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ شه‌ماڵ ی‌ برای كردووه‌، حه‌وت خوله‌ك به‌ر له‌شه‌هید بوونی‌ شه‌ماڵ هه‌واڵی‌ سه‌لامه‌تی‌ خۆی‌ پێداوه،‌ به‌ڵام ‌ دوای‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌ چه‌ند ساتێكی‌ كه‌م شه‌هید ده‌بێت.

زیاد بۆ خه‌ندان باسیله‌وه‌كرد، ده‌ورووبه‌ری‌ كاتژمێر05:30خوله‌ك قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ شه‌ماڵ كردووه‌"هه‌ندێ‌ قسه‌مان كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كه‌ پچڕا، دووباره‌ ته‌له‌فۆنم بۆكرده‌وه‌، هه‌واڵی‌ خۆی‌ ‌و ئامۆزاكانم پرسی‌ وتی‌، هه‌مومان باشین خه‌مت نه‌بێ‌ به‌سه‌لامه‌تی‌ له‌هێرشه‌كه‌ هاتوینه‌ته‌وه‌، ئێستا خه‌ریكین ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی‌ دواوه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پشوو بده‌ین، وره‌ی‌ له‌وپه‌ڕی‌ به‌رزیدابوو".

زیاد وتی‌ "ئه‌وه‌ دواجاربوو كه‌ گوێم له‌ده‌نگی‌ بێت دوا په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنی‌ شه‌هیدیش بوو، كاتژمێر 05:40ئێواره‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان كۆتایی‌ پێهێنا، به‌وته‌ی‌ هه‌ندێك له‌براده‌ره‌كانی‌ كاتژمێر 05:47 بۆمبه‌كه‌یان پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌و ده‌ورووبه‌ره‌ بینیویانه‌ ئاگرێكی‌ زۆر به‌رزبووه‌ته‌وه‌، پاش بیستنی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌".

ده‌ورووبه‌ری‌ كاتژمێر 06:00ی‌ ئێواره‌ ئامۆزایه‌كی‌ به‌ناوی‌ سه‌روان ته‌له‌فۆن بۆ زیاد ده‌كات و پێی‌ ده‌ڵێت ته‌قینه‌وه‌یه‌ك ڕوویداوه‌‌و نازانن به‌كێدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام شه‌ماڵ و ئامۆزاكانی‌ هیچ ده‌نگیان نییه‌‌و كه‌س تائێستا نازانێ‌ شه‌هیدبوون یان نا.

به‌وته‌ی‌ زیاد، دوای‌ چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت شه‌هیدبوون،"بۆیه‌ به‌ره‌و میحوه‌ری‌ ناوه‌ران به‌ڕێكه‌وتین، له‌نێوان ده‌ورووبه‌ری‌ سه‌عات 08:00 گه‌یشتینه‌ ناوه‌ران، به‌ڵام نه‌یانهێشت بچینه‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ك ته‌قینه‌وه‌ی‌ تر ڕووبدات ‌و كه‌سی‌ تر زیانی‌ پێبگات، بۆ به‌یانییه‌كه‌ی‌ ته‌رمه‌كانمان گواسته‌وه‌".

زیاد به‌غه‌مبارییه‌وه‌ باسی له‌كه‌سایه‌تی‌ براكه‌ی‌ كرد"كه‌سێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بوو زۆر حه‌زی‌ له‌پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ خزمه‌كان ده‌كرد، به‌رده‌وام به‌شداری‌ خۆشی‌‌و ناخۆشیه‌كانی‌ ده‌كردن، له‌گه‌ڵ منیشدا جگه‌ له‌وه‌ی‌ برابووین هاوڕێ بووین، به‌رده‌وام پێكه‌وه‌ سه‌ردانی‌ خزمه‌كانمان ده‌كرد، ئێستاش خزمان باس له‌مامه‌ڵه‌ی‌ جوانی‌ شه‌هید ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵیاندا‌و بۆی‌ خه‌مبارن".

شه‌هید شه‌ماڵ له‌ حه‌وشه‌ی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌

"ڕۆژی‌ 19ی‌10 كاتێك ده‌چووه‌وه‌ بۆ ده‌وام بینیم، ده‌وامی‌ ڕه‌سمی‌ خۆی‌ نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ ڕزگاركردنی‌ موسڵ بوو، بۆیه‌ ده‌بوایه‌ هه‌موویان بچنه‌وه‌و له‌حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشیدابن‌و به‌شداری‌ هێرشه‌كان بكه‌ن".زیاد ته‌لعه‌ت وای‌ وت.

نازم عیسا هاوسه‌نگه‌رو ئامۆزای‌ شه‌هید شه‌ماڵ-ه‌ تا كاتژمێرێك پێش ڕووداوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ماڵ و شه‌هیده‌كانی‌ تری‌ ڕووداوه‌كه‌ بووه‌، بۆ خه‌ندان باسیله‌وه‌كرد، ڕووداوه‌كه‌ كیلۆمه‌ترێك تا كیلۆمه‌ترو نیوێك له‌گووندی‌ "فازڵیه‌"ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ موسڵ بووه‌.

"سه‌نگه‌ره‌كانی‌ ئێمه‌ له‌نزیك گوندی‌ عومه‌ر قامچی‌ بوو، شه‌هید شه‌ماڵ‌ و هه‌ر چوار شه‌هیده‌كه‌ی‌ تر له‌گووندی‌ فازڵیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆسه‌نگه‌ره‌كان نزیكه‌ی‌ نیو كیلۆمه‌تری‌ مابوو بگه‌نه‌ سه‌نگه‌ره‌كان كاتژمێر05:45ی‌ ئێواره‌ بۆمبێك به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یاندا ته‌قییه‌وه‌، تاسبه‌ینێ‌ نه‌مانتوانی‌ ته‌رمه‌كان بگوازینه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ورووبه‌ریان هه‌موو بۆمبی‌ چێندراو بوو" نازم عیسا وای‌ وت.

له‌و ڕووداوه‌دا شه‌ماڵ و چوار پێشمه‌رگه‌ی‌ تر به‌ناوه‌كانی‌ عه‌قید سه‌یفه‌دین تۆفیق و جه‌وهه‌ر محه‌ممه‌د و ئیسماعیل حه‌مه‌دئه‌مین و هه‌ڤاڵ حسێن شه‌هیدبوون.

10ڕۆژ دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ شه‌ماڵ، دایكی‌ توشی‌ نه‌خۆشی‌ جه‌ڵده‌ی‌ مێشك ده‌بێت و به‌هۆیه‌وه‌ توانای‌ قسه‌كردنی‌ نه‌ماوه‌و توانای‌ ڕۆیشتنیشی‌ نه‌ماوه‌ له‌سه‌ر پێیه‌كانی‌.

ماڵه‌كه‌ی‌ شه‌ماڵ دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ به‌چۆڵی‌ ماوه‌ته‌وه‌ له‌گوندی‌ سرێشمه‌ هاوسه‌رو منداڵه‌كانی‌ له‌ماڵی‌ باوكی‌ شه‌هید ده‌ژین له‌گونده‌كه‌‌و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆماڵه‌كه‌ی‌ خۆیان، شه‌ماڵ براگه‌وره‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ بووه‌‌و دوو براو دوو خوشكی‌  هه‌یه‌. 


نیشانەکردن :

#پێشمەرگە #شەهید #موسڵ

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP