شه‌ڕڤانان ده‌رگای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چه‌كدارانی خه‌ڵكی‌ مه‌نبه‌جی ناو قه‌ڵغانی فورات ده‌كه‌نه‌وه‌

- 3/19/2017 2:57:00 PM 5421 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ربازی‌ مه‌نبه‌ج

خه‌ندان- خۆشناو حسێن

ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی مه‌نبه‌ج رایگه‌یاند، ده‌رگاكانی به‌ رووی رۆڵه‌كانی‌ مه‌نبه‌ج و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌وانه‌ی له‌ ناو هێزه‌كانی قه‌ڵغانی فوراتدان ده‌كاته‌وه‌ و به‌ڵێنده‌دات كه‌ بیانپارێزن ئه‌گه‌ر واز له‌ گروپه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی‌ قه‌ڵغانی فورات بهێنن.

له‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ قه‌ڵغانی‌ فوراتدا  كه‌ توركیا له‌ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ له‌خاكی‌ سوریا ده‌ستیپێكردووه‌، چه‌ندین گروپی‌ چه‌كداری‌ به‌شدارن كه‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامه‌كانیان خه‌ڵكی‌ مه‌نبج و ده‌وروبه‌رین. 

فه‌رمانده‌ی گشتی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی  مه‌نبه‌ج و ده‌وروبه‌ری ئه‌مڕۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر رۆڵه‌كانی‌ مه‌نبه‌ج واز له‌ گروپه‌كانی‌ قه‌ڵغانی‌ فورات بهێنن، ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان و ته‌نانه‌ت ده‌توانن له‌ ناو ریزه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازيی مه‌نبه‌جدا كاربكه‌ن".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونی به‌یاننامه‌كه‌وه‌ ده‌خرێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و تا ماوه‌ی مانگێك كاری پێده‌كرێت. 

فه‌رمانده‌ی گشتی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی مه‌نبه‌ج جه‌ختده‌كاته‌وه‌، مه‌نبه‌ج له‌ ژێر پاراستنی هێزه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی مه‌نبه‌جدایه‌ و هه‌موو كارێك بۆ بانگه‌شه‌ی لایه‌نێكی تر قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت.

مه‌نبه‌ج ساڵی رابردوو له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانی‌ یه‌په‌گه‌‌و هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات له‌ژێر چنگی‌ داعش ده‌رهێنرا، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی‌ توندی‌ توركیای‌ لێكه‌وته‌وه‌‌و دوای‌ فشاره‌كانیان، ئه‌مریكا نێوه‌ندگیری‌ كرد‌و به‌ڵێنی‌ له‌یه‌په‌گه‌ وه‌رگرت له‌و ناوچه‌یه‌ به‌ره‌و رۆژئاوای‌ كوردستان بكشێنه‌وه‌.

ئه‌و پێداگرییه‌ی‌ توركیا بۆ كشانه‌وه‌ی‌ شه‌ڕڤانان، له‌كاتێكدابوو سوپای‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ سوریا ئۆپراسیۆنێكیان بۆ ئازادكردنی‌ ناوچه‌كانی‌ باكوری‌ سوریا له‌ده‌ستی‌ داعش ده‌ستپێكرد‌و له‌ئێستاشدا پێشڕه‌وی‌ ده‌كه‌ن.

لەئێستادا بەرپرسانی توركیا جەختدەكەنەوە، كە هێزەكانی قەڵغانی فورات بەپاڵپشتی سوپای توركیا بەرەو مەنبەج و رەقە پیشڕەوی دەكەن.

نیشانەکردن :

#شەڕڤانان #مەنبەج

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP