xendan ads

خه‌ندان زانیاری‌ له‌سه‌ر ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌

- 3/19/2017 1:45:00 PM 188625 جار خوێندراوەتەوە
وێنەیەك لەو گرتە ڤیدیۆیەی كەلەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراوەتەوە

خه‌ندان-

گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی ئه‌و ژن و مێرده‌ی‌ كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌، مێژوه‌كه‌ی‌ كۆنه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 2016 و ئێستا ئەو پیاوەو برایەكی لە زینداندان و ژنەكەش "پاكیزە" دەرچووەو لە مێردەكەی جیابووەتەوە.

ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا پیاوێك و ژنه‌كه‌ی‌ ده‌رده‌كه‌ون و پیاوه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناشرین به‌رانبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ قسه‌ده‌كات و تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌خاته‌ پاڵ كه‌ "پاكیزه‌ نه‌بووه‌".

له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ژنه‌كه‌ به‌گریانه‌وه‌ چه‌ند قسه‌یه‌كی‌ كه‌م ده‌كات له‌ وه‌ڵامی‌ چه‌ند پرسیارێكی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ی‌ تۆماركردووه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی‌ ماڵپه‌ڕی‌ خه‌ندان، مێژووی‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2016، كاتێك ئه‌و پیاوه‌ كه‌ له‌سنوری‌ زاخۆ نیشته‌جێیه‌، سكاڵای‌ له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ تۆماركردووه‌و ویستویه‌تی‌ له‌رێگه‌ی‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌وه‌ دادگا بڕیاری‌ جیابونه‌وه‌ی‌ له‌ ژنه‌كه‌ی‌ په‌سه‌ند بكات.

تۆماركردنی‌ ئه‌و سكاڵایه‌ پاش چه‌ند رۆژێكی‌ كه‌م هاتووه‌ له‌ هاوسه‌رگیری نێوانیان.

ئارام ئه‌تروشی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ژنان له‌ زاخۆ به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند، ئه‌و پیاوه‌ی‌ له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا قسه‌ده‌كات ساڵی‌ 2016 سكاڵای‌ له‌سه‌ر ژنه‌كه‌ی‌ تۆماركردووه‌و به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ "پاكیزه‌ نه‌بووه‌" داوای‌ جیابونه‌وه‌ی‌ لێكردووه‌.

وتیشی‌ ئه‌و پیاوه‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ی‌ وه‌كو "به‌ڵگه‌" به‌كارهێناوه‌ تا دادگا بڕیاری‌ جیابونه‌وه‌ی‌ له‌ ژنه‌كه‌ی‌ په‌سه‌ند بكات.

هه‌ر ئه‌وكات دادگای‌ زاخۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌ دۆسیه‌كه‌ ده‌ستپێكردو بڕیاریدا پكشنینی‌ پزیشكی‌ بۆ ژنه‌كه‌ بكرێت، بۆ ده‌ركه‌وتنی‌ راستییه‌كان.

ئارام ئه‌تروشی‌ وتی‌ كه‌ به‌پێی پشكنینه‌كان ژنه‌كه‌ پاكیزه‌ ده‌رچووه‌، بۆیه‌ دادگا بڕیاریدا به‌ سزادانی‌ هاوسه‌رو برایه‌كی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ به‌ساڵێك زیندانی‌ و تائێستاش له‌ زینداندان، دواتریش ئه‌و ژنه‌ له‌ مێرده‌كه‌ی‌ جیابووه‌وه‌و ئێستا له‌ماڵی‌ باوكیه‌تی‌.

له‌مانگی‌ سێی‌ ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ژنان له‌ زاخۆ سه‌ردانی‌ ئه‌و ژنه‌ی‌ كردووه‌ له‌ماڵی‌ باوكی‌ و بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و ژنه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی‌ نییه‌.

مریه‌م سه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ ئاگاداری‌ كه‌یسه‌كه‌یه‌ به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاند، ئەو ڕوداوە لە مانگی شه‌شی‌ 2016 واتە بەر لە نۆ مانگ رووی داوە ئەوکات زۆربەزویی بەدواداچون بۆ ئەو کەیسە کراوە.

وتیشی‌ "لە ئەنجامی پشکنینی پزیشکی ئەو کچە پاکیزه‌ دەرچووە. ئەنجامدەرانی ئەم ڕووداوە کە ھاوسەرو برای ھاوسەرەکەیەتی سزای یاسای دراون ئێستا ئەم خاتونە ھیچ کێشەیەکی نیەو پارێزراوە".

مریه‌م داوایكرد ھەرکەسێک لای خۆیەوە ئە گرتەیە بسڕێتەوە، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ زیاتر به دوای‌ خۆیدا نه‌هێنێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP