xendan ads

بەوێنەو ڤیدیۆ: مەراسیمی بەخاكسپاردنی هاوسەری نەوشیروان مستەفا

- 3/17/2017 6:34:00 PM 36802 جار خوێندراوەتەوە
شوعلە عەلی‌ هاوسەری‌ نەوشیروان مستەفا ئەمڕۆ هەینی‌ لەتەمەنی‌ 60 ساڵیدا بەهۆی‌ نەخۆشیەوە لەسلێمانی‌ كۆچی‌ دواییكرد.

خەندان- هەڤاڵ محەمەد 

تەرمی‌ شوعلە عەلی‌ هاوسەری‌ نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان كاتژمێری 4ی ئێوارەی ئەمڕۆ لەگۆڕستانی شەهیدان بەخاك سپێردرا.

شوعلە عەلی‌ هاوسەری‌ نەوشیروان مستەفا ئەمڕۆ هەینی‌ لەتەمەنی‌ 60 ساڵیدا بەهۆی‌ نەخۆشیەوە لەسلێمانی‌ كۆچی‌ دواییكرد.

لە مەراسیمی‌ بەخاكسپاردنی تەرمەكەدا، مەلا كامەران عەلی لەوتارێكیدا وتی "باوەڕو ئومێدم وایە بەرهەمی خەباتی ئەو شۆڕە ژنانە رۆژێك لەرۆژان خۆمان و نەوەكانمان لەژێریدا دەحەسێینەوە".

مەلا كامەران عەلی ئاماژەی بەوەشكرد "شانازیە بۆ ئێمە ئەو شاژنەودڵنیام ئەگەر ئەو لەژیاندا بوایە رەنگە پێی خۆش نەبوایە من پێم بوتایە شاژن، بەڵام شانازیە بۆ ئێمە كەئەو شاژنە".

هاوكات حاكم قادر حەمەجان ئەندامی‌ دەستەی‌ كارگێڕی‌ مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌ بەناوی‌ یەكێتی‌ یەوە پرسەو سەرەخۆشی‌ لەبنەماڵەی‌ شوعلە عەلی‌ كردو وتی‌ "ئەو ژنە هەر لەهەڕەتی‌ لاوێتیەوە بەشداربووە لەخەبات و رۆڵ و كاریگەری‌ خۆی‌ بووەو ناوی‌ دەدرەوشێتەوە".

هەروەها شۆڕش حاجی‌ وتەبێژی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان رایگەیاند، شوعلە عەلی‌ ژنێكی‌ تێكۆشەر بووەو خەباتی‌ زۆری‌ كردووە لەشاخ و لەشار.

 

 

بڕیاره‌ سبه‌ینێ و دوو سبه‌ی‌ پرسه‌ی‌ كۆچی‌ دوایی شوعله‌ عه‌لی‌ له‌ مزگه‌وتی‌ ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ عه‌لی‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP