xendan ads

ستانده‌ر: ئێمه‌ ده‌زگایه‌كی‌ ڕێگه‌پێدراوین
ئاسایشی هه‌ولێر: رێگریكردن له‌ستانده‌ر به‌هۆی نه‌بوونی مۆڵه‌ته‌وه‌ بووه‌

- 3/16/2017 12:25:00 PM 5391 جار خوێندراوەتەوە
بڕیاربوو دوێنێ چوارشه‌ممه‌، له‌ شاری هه‌ولێر ده‌زگای ستانده‌ر كۆڕێك بۆ عه‌بدوڵا ئاگرین و محه‌مه‌د كیانی ساز بكات

خه‌ندان-  هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د

تاریق نوری به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتی هه‌ولێر رایگه‌یاند، رێگریكردن له‌ئه‌نجامدانی چالاكی ده‌زگای ستانده‌ر به‌هۆی نه‌بوونی مۆڵه‌ته‌وه‌ بووه‌و سه‌رۆكی‌ ده‌زگاكه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وان به‌ڵگه‌ی‌ یاسایی‌ ڕێگه‌پێدانیان هه‌یه‌.

بڕیاربوو دوێنێ چوارشه‌ممه‌، له‌ شاری هه‌ولێر ده‌زگای ستانده‌ر كۆڕێك بۆ عه‌بدوڵا ئاگرین و محه‌مه‌د كیانی ساز بكرێت، له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان پارتی و په‌كه‌كه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی ئاسۆی چاره‌سه‌ر، به‌ڵام به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی كۆڕه‌كه‌، ده‌رگای ده‌زگای ستانده‌ر له‌لایه‌ن هێزێكی ئه‌منییه‌وه‌ داخرا.

تاریق نوری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی هه‌ولێر به‌خه‌ندان-ی وت "هه‌ر كۆڕێك له‌لایه‌ن هه‌ر رێكخراوێكی سیاسیه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت له‌شاری هه‌ولێر پێویسته‌ مۆڵه‌تی هه‌بێت له‌حكومه‌تی هه‌رێم".

"ده‌زگای ستانده‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنه‌و مۆڵه‌تی راگه‌یاندنی هه‌یه‌و حه‌قی نیه‌ بێت له‌هه‌ولێر كۆڕوكۆبوونه‌وه‌ بكه‌ن به‌بێی پرس و ستانده‌ر خۆ ئوتێل نیه‌ هۆڵ به‌كرێ بدات بۆ ئه‌وه‌ی سیمیناری لێبكرێت"، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی هه‌ولێر وایوت.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌، هه‌ریه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان، یه‌كگرتووی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌شاری هه‌ولێر له‌لایه‌ن "پارتی دیموكراته‌وه‌" ئه‌نجامدرا له‌ ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌رو ڕشتنی خوێنیان و گرتن و ڕفاندنی چالاكوانان و داخستنی ده‌زگای ستانده‌ر ڕێگریه‌ له‌ ده‌نگی ئازادو بیروڕای جیاواز.
 
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی  هه‌ولێر هه‌روه‌ها وتی‌ "ده‌زگای ستانده‌ر ده‌زگایه‌كی رۆژنامه‌وانیه‌و حه‌ق نیه‌ به‌كه‌یفی خۆی رێكخراوی لایه‌نی سیاسی دیكه‌ بهێنێت كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ بكات، بۆیه‌ ئه‌و شتانه‌ قبوڵ نیه‌".

به‌وته‌ی‌ تاریق نوری‌ ده‌زگای ستانده‌ر دانه‌خراوه‌ به‌ڵكو ته‌نها رێگه‌ به‌و سیمیناره‌ نه‌دراوه‌ كه‌بڕیاربوو ئه‌نجامبدرێت، چونكه‌ هیچ مۆڵه‌تێكی نه‌بووه‌، ئه‌و رێكخراوه‌شی ویستی سیمیناره‌كه‌ بكات له‌بنه‌ڕه‌تدا مۆڵه‌تپێنه‌دراوه‌،"ته‌نها رێگریمان لێكردوون ده‌زگای ستانده‌ر رووبه‌ڕووی هیچ رێكارێكی یاسایی ناكه‌ینه‌وه‌". 

هاوكات مه‌سعود عه‌بدولخالق سه‌رۆكی ده‌زگای ستانده‌ر به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند،"ئێمه‌ ده‌زگایه‌كی رێپێدراوی یاسایین و هه‌موو به‌ڵگه‌ یاساییه‌كانمان ته‌واوكردووه‌و زیاتر له‌هه‌شت ساڵه‌ كاری خۆمان ده‌كه‌ین، هه‌موو چوارشه‌ممانێكیش سیمینارمان هه‌بووه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ مۆڵه‌تی یاساییه‌ ده‌بوایه‌ ته‌بلیغێكیان بۆ بناردینایه‌ و ئاگاداریانبكردینایه‌ته‌وه‌".

وتیشی "ئه‌وه‌ی روویدا نه‌مانی دیموكراسیه‌ له‌هه‌ولێر، له‌مێژیشه‌ ئه‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ هه‌یه‌و ده‌نگی جیاواز له‌هه‌ولێر قبوڵ نیه‌، به‌ڵام به‌راستی ئێمه‌ پێمان خۆش نیه‌ سكاڵا له‌دژی حزب و حكومه‌تی خۆمان بكه‌ین".
 
"سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان داوای لێكردین سكاڵا تۆماربكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ نازانین سكاڵا له‌كێ و چی لایه‌نێك بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌شوێنێك هاتبون، ئاسایش و پۆلیس و هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆرو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی تێدابوو"، مه‌سعود عه‌بدولخالق وایوت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌وان باسی‌ له‌ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان پارتی و په‌كه‌كه‌ی ده‌كرد، كۆمه‌ڵێك مامۆستای زانكۆ و كه‌سایه‌تی ئاینی و دادوه‌ر هاوته‌نه‌ته‌ كۆڕه‌كه‌.

"ئەوەی ئەنجام دراوە بەرامبەر بە دەزگای ستاندەرو چالاكوانان و دەنگی ئازادو بیروڕای جیاواز دەچێتە خانەی ئەو هەوڵانەی كە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تاك لایەنەی حزبی لەئارادایە و شێوازێكی مەترسیداری پاوانكاری ئازادی و پێشێلی بەردەوامی مافەكانی مرۆڤە." وەك لەبەیاننامەی فراكسیۆنەكانی گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ و بزوتنەوەی ئیسلامیدا هاتبوو.  

سه‌رۆكی ده‌زگای ستانده‌ر وتیشی "كۆڕه‌كه‌ بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌عه‌بدوڵا ئاگرین ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی و دكتۆر محه‌مه‌د كیانی  بوو، له‌ناكاو هێزێكی زۆر به‌چوار گروپ هاتنه‌ ناو ده‌زگاوه‌و شه‌قامه‌كه‌یان گرتووه‌و كامێراكان لێده‌كاته‌وه‌".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ته‌نانه‌ت دكتۆر عه‌بدوڵا ئاگرین پێی وتوون سیمیناره‌كه‌ ناكه‌ین به‌ڵام بۆچی ده‌رمانده‌كه‌ن، ئه‌وان وتویانه‌ ده‌بێت ده‌زگاكه‌ش دابخرێت، "ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ مۆڵه‌ت بوایه‌ ئه‌وا وه‌رمانده‌گرن و هیچ گرفتێك نه‌بوو، به‌ڵام سیمینارو چالاكی مۆڵه‌تی ناوێت پێشتریش هه‌موو چوارشه‌ممیه‌ك ئه‌نجامانداوه‌و مۆڵه‌تی نه‌ویستووه‌، ئه‌و هه‌مو سیمیناره‌ش ده‌كرێت له‌هه‌ولێر هیچ پێویستی به‌مۆڵه‌ت نه‌بوه‌".


نیشانەکردن :

#ئاسایش #هەولێر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP