xendan ads

شرۆڤەی گۆڤاری پۆلیتیكۆ-ی ئەمریكی بۆ دیداری سلێمانی
ئایا عیراق لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا لە قەیرانەكان دەربازی دەبێت؟

- 3/13/2017 9:00:00 PM 7411 جار خوێندراوەتەوە
وتاری بەرهەم ساڵح لە پێنجەمین دیداری سلێمانی 8ی ئادار2017

خەندان- دانا تەیب مەنمی
 
نوسەری سەرەكی كارووباری نێودەوڵەتی گۆڤاری پۆلیتیكۆی ئەمریكی و بەشداربوویی پێنجەمیین دیداری سلێمانی لەوتارێكیدا ئاماژەی بە قۆناغی دوای داعش لەعێراق و هەرێمی كوردستان كردووەو بۆچونی خۆی لەسەر دیدارەكە دەربڕیوە.

سوزان بی گلاسەر ستووننوسی سەرەكی كاروباری نێودەوڵەتی گۆڤاری پۆلیتیكۆی ئەمریكی سەبارەت بە كاریگەری و گەورەیی قەیرانەكان لەعێراق و هەرێم دەڵێت" بەڕێكەوت نیە كاتێ بەرهەم ساڵح، ئەو سیاسییە ڕۆشنبیر و مەدەنییەی كە پێشتر وەكو جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق و سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمووساڵێك چینی سیاسی عیراق كۆدەكاتەوە بۆ كۆنفرانسێكی لەستایڵی رۆژئاوایی سەبارەت بە داهاتووی وڵاتە پڕكێشەكەیان".

كۆتایی سەركردایەتییكردنی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چۆن دەبێت؟ لەكاتێكدا چینی سیاسی عیراق دەپرسن ئایا پلانی ترەمپ چیە سەبارەت بەعیراق لەكاتێكدا سەركەوتن لە شەڕی دژی داعشدا نزیكدەبێتەوە؟، ئەوە ئەو پرسیارانەیە كە سوزان بی گلاسەر، ستووننوسی سەرەكی كاروباری نێودەوڵەتی گۆڤاری پۆلیتیكۆی ئەمریكی و بەشداربوویەكی دیداری سلێمانی ئەمرۆ لە وتارێكیدا بەناونیشانی " ئایا عیراق دەتوانێت ترەمپ رزگار بكات؟". 

نووسەر لە بابەتەكەیدا ئاماژەدەكات بە بەشداریی لە دیداری سلێمانی و لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە دەڵێت:" لەئێستادا هیچ شوێنێكی باشتر لە كوردستانی عیراق نییە، كە بە هەموو پێوەرەكان یەكێكە لە هەرە دۆستەكانی ئەمریكا لە جیهاندا". 

ئایا عێراق لەم قەیرانانە دەربازی دەبێت؟

سوزان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە نوسیویەتی"من هەفتەی ڕابردوو لێرە لەچەندین ووتوێژدا ئەوەم بیست كە ئەوە بەشێوەیەكی سەخت و سەڕسوڕهێنەر ڕوون نیە، لەنێوەندی چەندین سیناریۆدا لەوانەش دابەشكردنی وڵاتەكە و شەڕی ناوخۆیی و گەرانەوەی دیكتاتۆری وەكو سەدام"

بەبۆچونی ئەو، تەنانەت ئەوانەی زۆر گەشبینن بە داهاتووی دیموكراسی عیراق دەڵێن تێڕوانینێكی سەختیان هەیە بۆ ئەوەی چۆن عیراق لەم قەیرانانە بچێتەدرەوە "تەنانەت حەیدەر عەبادی  سەرۆك وەزیرانی عیراق كە والێی دەڕوانرێت نیازی باشی هەیە بەڵام لاوازە و چەند ئامرازێكی كەمی بەدەستەوەیە بۆ واژۆكردنی رێكەوتنێكی هەمیشەیی".

ستووننوسی سەرەكی كاروباری نێودەوڵەتی گۆڤاری پۆلیتیكۆی ئەمریكی هەروەها باسی لەوەكردووە، بەرهەم ساڵح، لەپەراوێزی دیدارەكەیدا لەوبارەوە پێیووتووە" بەرای من ئەمە هەرەسی ئەو سیستمە ئەمریكیەیە كە ساڵی 2003 دەستیپێكرد و بەردەوامبونێكی هەرەسهێنانی سیستم و رێسای ئەوروپی ساڵانی بیستەكانە." 

لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا باسیلەوەكردووە، ئەگەر تاكەشتێك هەبێت ئەو سیاسییە عێراقییانەی ئەم هەفتەیە هاتبوون بۆسلێمانی لەسەر كۆك بن  ئەوەیە كە چارەسەركردنی كێشەكانی  عیراق دوای داعش زۆر سەختتر دەبێت بەبێ بەشداری ئەمریكا.

سوزان لەنوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە،" كوردستان بەو شێوەیەی ئێستای بوونی نەدەبوو ئەگەر دەستێوەردانی سەرۆكە یەكلەدوای یەكەكانی ئەمریكا نەبوایە هەر لە جۆرج دەبلیو بوش و بیڵ كلینتۆنەوە كە سووربوون لەسەر پاراستنی ئەو هەرێمە بەوشكانی دەورەدراوە لە رژێمی سەدام حوسێن". 

هەروەها ئەوەی خستووەتەڕوو"ڕەنگە جۆرج دەبلیو بوش لەناوچەكانی دیكەی عیراقدا وەكو داگیركەر و بەڕقەوە تەماشابكرێت، بەڵام ئەو لێرە ( هەرێمی كوردستان) وەكو ڕزگاركەرێك یادی دەكرێتەوە و وەكو پاڵەوان ێك لێی دەڕوانرێت بۆ ڕوخاندنی رژێمی سەدام حوسێن." 

"بۆیە بەڕێكەوت نیە كاتێ بەرهەم ساڵح، ئەو سیاسییە ڕۆشنبیر و مەدەنییەی كە پێشتر وەكو جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق و سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمووساڵێك چینی سیاسی عیراق كۆدەكاتەوە بۆ كۆنفرانسێكی لەستایڵی رۆژئاوایی سەبارەت بە داهاتووی وڵاتە پڕكێشەكەیان، و ئەوان بۆ زانكۆی ئەمریكی عیراق لەسلێمانی بانگهێشت دەكات كە بەرهەم ساڵح خۆی یارمەتی دامەزراندنی زانكۆی داوە." سوزان بی گلاسەر وای وتووە.

لەبارەی  پێنجەمین دیداری سلێمانییەوە كە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچووە،  زیاتر قسەیكردووە، "بەڵام لەدیداری ئەمساڵی سلێمانی-دا ئەمریكا بەشێوەیەكی دیار نەدەبینرا بێجگە لە بابەتێكی وەكو پێشبینیكردن و تیۆری جێگای نیگەرانی و  كرێملینۆلۆجی (لێكۆڵینەوەی سیاسەتی سەبارەت بە ڕوسیا و یەكێتی سۆڤیەتی جاران)  كۆشكی سپی ترەمپ.

ئەونوسەرە هەروەها نوسویەتی، سەرۆك ترەمپ زۆر لەبارەی شكستپێهێنانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە قسەی كردووە بەڵام جگە لە لابردنی  عێراق لەلیستی ئەو ولاتانەی پێشتر بەشێوەیەكی كاتی ڤیزای لێ قەدەغەكردبوون، لە كرداردا بەنزیكەیی هیچی نەكردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خودی عیراق و لابردنی عیراقیش لە لیستەكە لەنێوەندی ناڕەزایی خودی فەرماندەكانی خۆی بوو، كە نارازی بوون پشتبكرێتە هاوپەیمانێكی وەكو عیراق.
 
هەروەها دەڵێت" بۆیە ئێستا چینی سیاسی عیراق دەپرسن ئایا پلانی ترەمپ چیە سەبارەت بە عیراق لەكاتێكدا سەركەوتن لە شەڕی دژی داعشدا نزیكدەبێتەوە؟"

بەبڕوای سوزان "دوای 14 ساڵ لەداگیركاریی عیراق، داهاتووی عیراق و هاوشانی ئەوەش هیواكانی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، بەزۆریی لە گوماندایە".
 
لەنوسینەكەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی نەك هەر شەڕێكی ناوخۆیی نوێی و كارەساتێكی پەنابەرانی دەستپێكرد، بەڵكو قەیرانێكی ئابووری سەختی لەسەروبەندی دابەزینی نرخی نەوتدا دروستكرد كە عیراق بەشێوەیەكی گشتی بۆ بودجەكەی پشتبە داهاتی نەوت دەبەستێت، "هەموو ئەمانەش لە كاتێكدان كە ئەمریكا، كە سەردەمێك یاریزانێكی سەرەكی ناوچەكە بوو، بەشێوەیەكی بەردەوام گۆڕەپانەكە بۆ هێزە ناوچەییەكانی وەكو ئێران و سعودیە و توركیا و تەنانەت ڕوسیا بەجێدەهێڵێت". 

 "كوردەكان، كە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن، ریفراندۆمێكیان لەسەر ئایندەی خۆیان دواخستووە لەكاتێكدا هێشتا شەڕی داعش بەردەوامە، بەڵام هەر كە شەڕەكە تەواوبوو دەستدەكەنەوە بە هەوڵەكانیان بۆ سەربەخۆیی سیاسی".

بەوتەی سوزان، ژمارەیەكی زۆر  نیگەرانن كە كوشتن و توڵەسەندنەوە لەوناوچانەی پێشتر لەژێر كۆنترۆڵی داعشدابوو پەرەدەسێنێت و ئەو ناوچە سوونیانەی كە داعشی تێدا زاڵ بوو سەركردەی ئەوتۆیان نییە كە بتوانن یان خوازیار بن ناوچەكەكانیان بلكێننەوە بە دەوڵەتی  عیراقەوە. 

هەروەها جەختیلەوەكردووەتەوە "لەگەڵ ئەم هەموو ئاڵۆزییانەدا ، یەك فاكتەر زۆر پێشبینی نەكراوە لەلایەن زۆربەی عیراقییەكانەوە ئەویش ئەوەیە ئایا ئەمریكیەكان بەنیازی چین؟ ئەگەر ترەمپ ڕوئیایەكی سیاسی هەیە بۆعێراق، ئەو زۆر بە شاراوەیی هێشتویەتەوە".

لەونوسینەكەیدا ئەو نوسەر بۆچونی خۆی لەسەر روئیای عێراقییەكان بۆ ترەمپ خستووەتەڕوو، " ئەوەی من بۆمدەركەوت ئەوەیە ژمارەیەكی زۆر لەعێراقییەكان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لایەنگری ترەمپ-ن سەرەڕای سیاسەتی دژە موسوڵمانی ئەو لەمیانی هەڵمەتی بانگەشەكەی و قسەكانی سەبارەت بە بردنی نەوتی عیراق و لەخۆگرتنی عیراق لەناو لیستی یەكەمجاری ئەو حەوت وڵاتە موسوڵمانەی كە ڤیزای ئەمریكایان لێ قەدەغەكرابوو".  

لەكۆتاییدا نوسەر دەڵێت"عێراقییەكان ئێستا چاوەڕوانن و هیوادارن ترەمپ شتێك بۆ عێراق بكات و خۆی لەكێشەكانی عێراق دوورەپەرێز نەگرێت جیاواز لەوەی لە باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بینرا".  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP