xendan ads

ئاشتی هەورامی: سێ ملیار دۆلارى پاره‌ی‌ پێشه‌كی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت وه‌رده‌گرین

- 2/28/2017 5:29:00 PM 20003 جار خوێندراوەتەوە
ئاشتی هەورامی

خەندان- رێنوار نەجم

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان رایدەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێم رێکەوتنێکی ئەنجامداوە بۆ وەرگرتنی سێ ملیار دۆلار کە دواتر پارەکەی لەڕێی نەوتەوە لەداهاتوودا دەدرێتەوە، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی ئابووری کوردستان.

21 ی‌ ئه‌م مانگه‌ گرێبه‌ستێك له‌نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و كۆمپانیای روسنه‌فتی سه‌ربه‌ده‌وڵه‌تی روسیا  له‌ كۆنفرانسی‌ هه‌فته‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ نه‌وت له‌ له‌نده‌ن كه‌ له‌ رۆژانی‌ 21 -23 ئه‌م مانگه‌ی‌ خایاند واژۆكرا، به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ تاساڵی‌ 2019 ئه‌و كۆمپانیایه‌ نه‌وت له‌هه‌رێم ده‌كرێت و پێشوه‌خته‌ پاره‌كه‌ ده‌داته‌ هه‌رێم.

ئاشتی هەورامی ئه‌مڕۆ لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندوە کە رێکەوتنە نوێیەکە وەرگرتن و قەرزکردنی سێ ملیار دۆلارە لە کۆمپانیای نەوتی ڕوسی روسنەفت و خانەکانی مامەڵە (trading houses) و رێکەوتنەکە لەچەند هەفتەی رابردوودا ئەنجامدراوەو هەروەها هەرێم باسی لەوە کردوە کە ماوەی دانەوەی قەرەزەکە لەنێوان 3 بۆ 5 ساڵدا دەبێت.

خانەکانی مامەڵە (trading houses) جۆرە بازرگانییەکە تایبەتمەندە بەئاسانکاریی رێکەوتنی ئابووری لەنێوان وڵاتێک و وڵاتانی دیکەی دەرەکییدا.

 ئاشتی هەورامی کە لەشاری لەندەن چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵدا ساز کراوە لەبارەی رێکەوتنەکەوە دەڵێت "ئەمە یارمەتی سەربەخۆیی ئابورییمان دەدات، هەرچەندە گرنگە لەوە تێبگەین کە ئەمە تەنها بەداهاتی نەوت و بەرزی نرخی نەوت بەدی نایەت. بەڵکو ئێمە پێویستمان بەریفۆرمی ئابووریی هەیە."

 

"زۆر فێربووین لە شۆکی نرخی نەوتەوە"


هەروەها لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەڵێت "زۆر فێربووین لە شۆکی نرخی نەوتەوە، لەتێچووی شەڕی داعش‌و لەو 1.8 ملیۆن ئاوارەی هاتنە ناوچەکانمانەوە.. ریفۆرم زۆر پێویستە. ئێمە قەرزێکی زۆرمان لەسەر کە دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین."

ئاشتی هەورامی رەتیکردوەتەوە کە ناوی "خانەکانی مامەڵە" ئاشکرا بکات. بەڵام رۆیتەرز لەسەرچاوەکانی بازاڕاوە زانیویەتی کە هەریەک لە ڤیتۆڵ، پێتراکۆ، گلێنکۆر و ترافیگورای وەک کڕیارەکانی نەوتی کوردستانن. 

هەفتەی رابردوو کۆمپانیای گلێنکۆر رایگەیاند کە گەیشتوەتە رێکەوتن لەبارەی نەوتی کوردستانەوە. بەڵام کۆمپانیاکانی دیکە هیچ سەرنجێکیان لەسەر رێکەوتنەکانیان لەگەڵ کوردستان نەداوەو روسنەفتیش هیچ زانیارییەکی لەسەر قەبارەی رێکەوتنەکەی ئاشکرا نەکردوە.

هەورامی ئاماژەی بەوەش کردوە کە رێکەوتنەکان زۆر یارمەتییان دەدات لەبەرامبەر دابەزینی نەوت بۆ چەند ساڵێک. پێشتر رێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی خانەکانی مامەڵە تەنها بۆ 6 تا 12 مانگ بووە.

"هەروەها لەو ڕووەشەوە ئیجابییە کە پێویست ناکات چیتر هەموو شەش مانگێک دانوستان بکەین." ئاشتی هەورامی وادەڵێت. 

 

"هیودارین رێکەوتنەکە رچه‌شکێن بێت"

"ئەمە دۆخی ئابووریمان باش دەکات. واتە دەتوانین بەشێوەیەکی رێکخراوتر پارەبدەینە ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی بواری نەوت کە لەهەرێمدا کار دەکەن و دەتوانێن هەندێک پارەش  تەرخان بکەین بۆ وەبەرهێنان لەفراوانکردنی ژێرخانی نەوتیمان." هەورامی وادەڵێت.

ئاشتی هەورامی باسی لەوەش کردوە کە هاتنی کۆمپانیای روسنەف شانبەشانی "خانەکانی مامەڵە" بۆ بازاڕی نەوتی کوردستان هەواڵێکی خۆش بووە بۆ هەرێم و بازاڕی نوێی بۆ هەرێم کردووەتەوە.

"هیودارین رێکەوتنەکەی روسنەف رچه‌شکێن بێت بۆ کۆمپانیا گەورەکانی دیکە." ئاشتی هەورامی وادەڵێت و ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ئەو کۆمپانیا ڕوسیە بەدوای دۆزینەوەی بلۆکە نەوتییەکانی کوردستانیشدا دەگەڕێت.

په‌یوه‌ندی‌ هه‌رێم و به‌غدا

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراق ئاشتی هەورامی رایدەگەیەنێت پەیوەندییەکان لەبەرەو پێشچووندان.

"هیچ سەرنجێکی نێگەتیفمان لەئەوانەوە (بەغدا) گوێ لێنەبووە دوای رێکەوتنەکە لەگەڵ روسنەفت. ئەوان دەزانن کە ئێمە نەوتی خۆمان دەفرۆشین‌ و لەڕاستیدا ئەگەر ئێمە یارمەتی یەکبدەین لەبری ئاستەنگ دروستکردن، دەتوانین نرخی باشتر بەدەست بهێنین چونکە کڕیارەکانمان ناتوانن بەبێ هۆکار داشکاندن لەنرخەکاندا بکەن." هەورامی وادەڵێت.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە لەئێستادا هەولێر بەشێک لەنەوتی کەرکوک بۆ بەغدا دەفرۆشێت، "ئەوەش بەڵگەیە بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان."

بەرهەمهێنانی نەوت بەرزناکرێتەوە

لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، ئاشتی هەورامی رایدەگەیەنێت کە بۆرییە نەوتییەکانی ئێستای کوردستان تەنها لەتوانایدا هەیە رۆژانە 650 هەزار بەرمیل هەناردە بکات و وەربەرهێنانی دیکە پێویستە بۆ ئەوەی ئەو ژمارەیەک بۆ ملیۆنێک بەرمیلی رۆژانە بەرزببێتەوە.

ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە فراوانکردنی بۆرییە نەوتییەکان پێویستە پێش کۆتایی ساڵ بکرێت، "بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت بەرزناکرێتەوە تا ساڵی داهاتوو."

پلانی‌ داهاتوو

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەوەش دەخاتەڕوو کە هەرێمی کوردستان لەپلانیدا هەیە نزیکەی 20 بلۆکی نەوتی دیکە بخاتەڕوو بۆ کۆمپانیاکان تا بەدوای نەوتدا بگەڕێن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن. هەرێم چەند بلۆکە نەوتییەکی لەوەبەرهێنەکان وەرگرتووەتەوە دوای ئەوەی بڕێکی کەمیان دۆزیوەتەوە. بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکان ناوی هیچ کام لەو کۆمپانیایانەی نەهێناوە.

ئەوە لەکاتێکدایە چەند کۆمپانیایەکی گەورە دەستبەرداری بلۆکە نەوتییەکانی هەرێم بوون دوای ئەوەی نائومێدبوون لەوەی دۆزیانەوە، لەنێویاندا کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمەریکی، ئیکسۆن مۆبیل، کە لەساڵی رابردوودا لە کۆی شەش بلۆکی نەوتی، لە سێ بلۆکی نەوتی کشایەوە.

بەڵام ئاشتی هەورامی ئەوە وەک پاشەکشە نابینێت.

"ئیکسۆن مۆبیل رایانگەیاند کە ئەوان لە سێ بلۆکی نەوتیدا بەردەوام دەبن‌ و لەسێ بلۆکەکەی دیکەدا یەدەگی چاوەڕوانکراو هێند گەورە نەبووە بۆ ئەوان. ئەو بلۆکانە دەشێت گونجاوبێت بۆ کۆمپانیاکانی دیکە. ئێمە لەئێستادا بۆ ئەوە دەگەڕێین."


نیشانەکردن :

#حکومەتی هەرێم # نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP