مامۆسـتا ئاینـییه‌كه‌ی‌ هه‌ولـێر چـۆن كـوژرا؟

- 11/23/2016 6:40:00 AM 156847 جار خوێندراوەتەوە
هۆشیار ئیسماعیل، بانگخواز و مامۆستای‌ ئاینی‌ كه‌ شه‌وی‌ رابردوو له‌ هه‌ولێر له‌به‌رده‌م ماڵه‌ی‌ خۆی‌ كوژرا

خه‌ندان-فه‌رمان حه‌سه‌ن

كه‌سوكاری‌ ئه‌م مامۆستا ئاینیه‌ی‌ كه‌ شه‌وی‌ رابردوو له‌به‌رده‌م ماڵه‌ی‌ خۆی‌ له‌هه‌ولێر كوژرا، داواده‌كه‌ن بكه‌رانی‌ كرده‌وه‌كه‌ ئاشكرابكرێن و به‌سزابگه‌یه‌نرێن، پۆلیسیش ده‌ڵێت لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه‌.

شه‌وی‌ رابردوو كاتژمێر 10و 30 خوله‌ك، هۆشیار ئیسماعیل بانگخواز و مامۆستای‌ ئاینی‌ كه‌ به‌رپرسی‌ ناوه‌ندی‌ زانایانی‌ یه‌كگرتووبووه‌ له‌هه‌ولێر له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا به‌ دوو فیشه‌ك به‌سه‌ختی‌ برینداركراو دواتر له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا.

دیار گۆران، برای‌ مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل، به‌خه‌ندان-ی‌ راگه‌یاند، ئه‌وان داوا له‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ده‌كه‌ن ورده‌كاری‌ رووداوه‌كه‌ ئاشكرابكه‌ن و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ روون له‌ دۆسیه‌كه‌ بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ سزابگه‌یه‌نرێت.


تەرمی مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل فۆتۆ: عەبدوڵڵا ئیبراهیم

وتیشی‌ "ئاسایش هه‌موو میمیۆری و هارده‌كانی‌ كامێرای‌ چاودێریه‌كانی‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی‌ بردووه‌ تائێستا هیچ رونكردنه‌وه‌یه‌كیان به‌ ئێمه‌نه‌داوه‌ كه‌ چی‌ له‌ وێنه‌ی‌ كامیراكان هه‌یه‌ و ئێمه‌ سبه‌ینێ‌ داوای‌ یاسایی‌ تۆمارده‌كه‌ین".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و برایه‌ی‌ مامۆستا هۆشیار "كاتژمێر 10 ه‌ 30 خوله‌كی‌ شه‌وی‌ رابردوو، كه‌سێك له‌ ده‌رگای‌ ماڵی‌ براكه‌یان داوه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كوڕی‌ گه‌وره‌ی‌ نییه‌ و چواركچ و كوڕێكی‌ منداڵی‌ هه‌یه‌، خۆی‌ چووه‌ ده‌رگاكه‌ی‌ كردوه‌ته‌وه‌ له‌وكاته‌دا كه‌سێك دوو گوله‌ی‌ لێداوه‌ كه‌ به‌رسنگ و سه‌ری‌ كه‌وتووه‌، دوای‌ نیو كاتژمێر له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌". 

"ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆسیه‌  وه‌كو باقی‌ دۆسیه‌كانی‌ دیكه‌ به‌لارێدا ببرێت هیچ ئه‌نجامی‌ نه‌بوو، گومانه‌كان زیاترده‌كات و هیوادارین وانه‌بێت"، دیار گۆران وای‌ وت.

 

تەرمی مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل فۆتۆ: عەبدوڵڵا ئیبراهیم

هۆشیار ئیسماعیل (40) ساڵ لەساڵی (1999) ئیجازەی عیلمی وەرگرتووەو لەساڵی (2003) كۆلێژی تەواو كردووەو لەساڵی (2007) ماستەری لەتەفسیر وەرگرتووەو لەساڵی (2013) ش پلەی دكتۆرای لەتەفسیر وەرگرتووە.

كه‌سوكاری‌ هۆشیار ئیسماعیل، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ كێشه‌یه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك هه‌بوبێت، یان هه‌ره‌شه‌و فشاری‌ له‌سه‌ر بوبێت.

دیار گۆران، وتیشی، ئه‌وان ناتوانن بڵێن گومانیان له‌ كه‌سێكی‌ دیاریكراوه‌ به‌لاَم لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان به‌ به‌رپرس ده‌زانن بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تباران و به‌ سزاگه‌یاندنیان "هیوادارین ئه‌مه‌ش نه‌بێته‌ سیناریۆ چونكه‌ن چه‌نده‌ له‌ ئێمه‌ دراوه‌ ئه‌وه‌نده‌ش له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ولێر دراوه‌".

هۆشیار ئیسماعیل، له‌ناو یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ به‌رپرسیارێـتی‌ هه‌بوه‌و به‌رپرسی‌ ناوه‌ندی‌ زانایانی‌ یه‌كگرتوو بووه‌ له‌هه‌ولێر و ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ زانایانی‌ ئه‌وحزبه‌ بووه‌.

 


مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل 

سائیب عه‌لی‌، به‌رپرسی‌ لقی‌ زانایانی‌ ناو شاری‌ هه‌ولێرى یه‌كگرتوو داوای‌ له‌ دام و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان كرد تۆمه‌تباران به‌ سزا بگه‌یه‌نن "مامۆستا هۆشیار نه‌خۆی‌ و نه‌بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ هیچ كێشه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ كه‌س  نه‌بووه‌، بۆیه‌ نامانه‌وێت هیچ پشێویه‌ك دروست بێت و ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی‌ یاساوه‌ دۆسیه‌كه‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ زانایانی‌ یه‌كگرتوو بۆ خه‌ندان ئاشكرایكرد "بكوژه‌كه‌ له‌ كامێرای‌ چاودێری‌ ماڵی‌ مامۆستا ده‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام نه‌ناسراوه‌ته‌وه‌ به‌ بندیواره‌كاندا هاتووه‌ تا گه‌یشتوه‌ته‌ به‌رده‌م ماڵی‌ مامۆستا."     

هۆشیار ئیسماعیل بۆ ماوەی (13) ساڵ ووتاربێژ بووە لە گوندی بێستانەو دواتریش لە مزگەوتی خدر سوارە بۆ ماوەی (10) ساڵ.

 

ئه‌و مامۆستا ئاینییه‌ چه‌ند كاتژمێرێك پێش كوژرانی‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی‌ نوێی به‌رنامه‌كه‌ی‌ له‌كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ (سپێده‌) ی‌ زمانحاڵی‌ یه‌كگرتوو پێشكه‌شكرد كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ ئاینی‌ یه‌و تایبه‌ته‌ به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پرسیاره‌كانی‌ خه‌ڵك.

ڤیدۆی‌ دوایین به‌رنامه‌ی‌ د.هۆشیار

 

پۆلیسی‌ هه‌ولێر، لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌ رووداوه‌كه‌ ده‌ستپێكردوه‌، به‌لاَم ده‌ڵێن تا لێۆكۆڵینه‌وه‌كان ته‌واو نه‌بن هیچ شتێك ئاشكرا ناكه‌ن.

هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر به‌خه‌ندان-ی‌ راگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك پۆلیسی‌ هه‌ولێر په‌راوی‌ لێكۆلینه‌وه‌یان بۆ بۆرووداوه‌كه‌ كردوه‌ته‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌مووشتێكی‌ رووداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ناتوانن هیچ شتێك له‌ سه‌ر دۆسیه‌كه‌ بڵێن، چونكه‌ له‌ قۆناغی‌ لێكۆڵینه‌وه‌دان و ده‌بێت هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌كان ته‌واو ببێت.

" بۆ ئێمه‌ش رووداوه‌كه‌ جێی‌ نیگه‌رانی‌ بوو، به‌ڵێن ده‌ده‌ین به‌ بێ وچان له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كاریده‌كه‌ین بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ تاوانباران و دۆزینه‌وه‌یان"،  هۆگر عه‌زیز وایوت.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP